بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دیسامبەر) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی فەرزاد گوڵمحەممەدی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز (١٨ی دیسامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراوە.

ئەم بەندکراوە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزدا (٩ی دیسامبەر) بۆ لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بەڵام بە هۆکاری نادیار ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکە ڕاگیرابوو و دوای ٢ ڕۆژ گەڕێنرابوویەوە بۆ ناو بەندی گشتی.

فەرزاد گوڵمحەممەدی، ٣٢ ساڵان، خەڵکی گوندی «پاڵنگان» و دانیشتووی کامێران، نزیکەی ٨ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.