بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی موحسین مێهری کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی براکەی خۆی لە شەڕێکدا کە بە هۆی کێشەی ماڵییەوە دروست ببوو، دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ٤ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ بەندکراو لە زیندانەکانی ئیلام، هەمەدان، قزلحەسار و زیندانی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دراون.