بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی محەممەدڕەزا قوربانی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەدا بە ناوی حسەین هەواسی ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. دوای چەند کاتژمێرێک حسەین هەواسی گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندی زیندان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ محەممەدڕەزا قوربانی لە سێدارە دراوە.

محەممەدڕەزا قوربانی، خەڵکی شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.