سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان” برهان کەمانگەر” هاووڵاتی خه‌ڵكی شاری کامێرانیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووه‌تەوە. ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ ئەندامانی گرووپی”کوراڵ” و هەروەها خوشکەزای” حوسێن کەمانگەر” ئەو چالاکوانە کوردەیە کە لە بەفرانباری ساڵی رابردووەوه‌ لە دەسبەسەریدایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری کامێران وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت:« بەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە ۱۵ی گەلاوێژ/06.08.20190 هێزە ئەمنییەکان رۆیشتوونەتە دوکانی مۆبایل فرۆشی ئەو هونەرمەندە کوردەو وێرای پشکنینی دوکانەکەی نابراویان ده‌سبه‌سه‌ر كردووه‌و دواتر چوونەتە ناو ماڵی برهان و دەستیان بە پشکنینی ناوماڵی کردووە و دەستیان بە هەندێ کەرەسەی تایبەتی داگرتووە.»
دەسبەسەری ئەو هاووڵاتێ کوردە لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو بە شێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتێکان لە”گرده‌لوولێكی تویتێریدا” خوازیاری ڕاكێشانی سرنجی بیر و ڕای گشتی سەبارەت بە بارودۆخی حوسێن کەمانگەر بوون .پێشتریش بنەماڵەی کەمانگەر زۆر جاران بانگهێشت و لێپرسینیان لێکرابوو. یەک لە داواکارێکانی ئیدارەی ئیتلاعات بێدەنگ بوونی بنەماڵەی و بڵاو نەکردنەوەی هیچ چەشنە زانیارییەک لە بارەی باروودۆخی حوسێن کەمانگەرە.
شایانی باسە ” برهان کەمانگەر”ئەندامی کۆڕی موسیقی”کوراڵ” لە شاری کامێرانە کە ساڵی رابردوو کلیپێکیان بۆ پشتێواتی لە بەرخۆدانی شەرڤانانی کورد لە”عەفرین”بڵاو كردبۆه‌وه‌.