لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، پتر لە ٤٠ هاووڵاتی کورد لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ لە شارەکانی سنە، کامێران، مەریوان، سەقز، بانە و دیواندەرە بە هۆکاری سیاسی یان بە هۆی بوونی بیروباوەری جیا دەستبەسەر کراون.  هێشتا هەر هەموویان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بە پێی بەداواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو هاووڵاتییە کوردانە خراونەتە ژێر فشارەوە تا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەمڵێ بکرێن.
پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکی شیکاریدا باسی لەوە کردبوو، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە پاییزی ساڵی رابردووە دوای گۆڕانی بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەوتۆتە قۆناغێکی نوێوە. هەروەها ئەم گۆڕانکارییانە لە ئاستی بەڕێوەبەردا هەندێک ناوەندی ئەمنی و سەربازی لە پارێزگای کوردستان و هەروەها هەندێک لە شارەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و کرماشانی گرتۆتەوە.
لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە نوێیەدا، وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستیان کردووە بە میلیتاریزەکردنی کوێستانەکانی کوردستان، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان، نانەوەی كه‌شی ترس و دڵه‌ڕاوكێ لە شارەکانی کوردستان، لەمپەر خستنەسەر هاتووچۆی هێزە کوردستانییەکان.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، لە ئێستادا ٢٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرن. دەگوترێ ئەو پۆلە لە هاووڵاتیان کەوتوونەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی بکەن دژ بە حیزبە کوردستانییەکان.
جگە لەوە، داوا لە دەستبەسەرکراوان دەکرێت دژ بە حیزبە کوردییەکان وتووێژی ڤیدیۆیی زۆره‌ملی بکەن و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بکەن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ هێزی حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌ جوارجۆره‌كانی كوردستان .
ناوی ٢٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە وێرای رێکەوتی دەستبەسەرکردنیان لە خوارەوە بڵاودەکرێتەوە:

سنە:
ئەکبەر گەوێڵی چالاکی مەدەنی ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٨ هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٨.٢٠

کامیاران:
منت رەحمانی و سیروان ئیبراهیمی لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتی نۆژین، پێنجی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٦.٢٦
ئارمان قۆیتاسی (هونەرمەند)، بورهان کەمانگەر (چالاکی مەدەنی)، سیروان مورادی (شاعیر و هونەرمەند)، رەفیق کاکی (چالاکی مەدەنی)، محەمەد خاتری، سەرکەوت گودەرزی، ١٥ و ١٦ی گەلاوێژ/ ٢٠١٩.٠٨.٠٦ و ٢٠١٩.٠٨.٠٧

مەریوان:
عەلی رەزایی و ئومێد ساڵحی خەڵکی ئاوایی گوێزە کوێرە، فاتێح هوشمەند (چالاکی بواری ژینگە) خەڵکی ئاوایی ینگیجە، گۆران قوربانی (چالاکی بواری ژینگە)، یادگار دڵجو، شاهۆ ئەختەر کاوان، حەمدی ئەختەر کاوان، خالید سووری و عەبدوڵلا وەیسی، ٢٣ی پوشپەڕ ١٢٩٨ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٧.١٤

پەروین ئەدوایی (چالاکی مەدەنی) پێنجی گەلاوێژی ١٣٨٩ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٧.٢٧

ئارام نیک پەی و عەبدوڵلا بشتام خەڵکی ئاوایی نێی مەریوان ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٨٩ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٨.١٨

هەندێک لەم کەسانە تەنیا توانیویانە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بنەماڵەکانیان ئاگادار بکەنەوە لە چ شوێنێک دەستبەسەرن و هەروەها ئێستا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. بەڵام تا ئێستا رێگەیان پێ نەدراوە چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی کوردی سوننە بە هۆی چالاکی مەزهەبییەوە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون و پتر لە سێ مانگە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. بازجووەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو کەسانەیان خستۆتە ژێر فشارەوە تا ناچار بکرێن مل بە وتووێژی تەلەفیزیۆنی بدەن. سەرجەم دەستبەسەرکراوان مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەیان لێ زەوتکراوە و تەنیا توانیویانە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە شوێنی دەستبەسەربوونیان بە کەس و کاریان رابگەیێنن.
لە مانگەکانی رابردوو لانیکەم ٢٠ چالاکی بواری ژینگە و لە ئەندامانی لقی کوردستانی “حیزبی یەکگرتوویی نەتەوەیی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە، کامیاران و مەریوان دەستبەسەر کراون.
ئەگەرچی هەندێک لەم هاووڵاتییانە پاش چەندین مانگ لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران، بەڵام هێشتا حوسێن کەمانگەر، خالید زەمانی و باسام مورادی هەورها لە زیندانی کامیاراندا دەستبەسەرن و چارەنوسشیان یەکلایی نەبۆتەوە.