بڕیاری دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی، لێکۆڵەری کورد بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکرایەوە.
شەفەق رەحمانی لێکۆڵەری بواری زانستی سیاسی و هاوژینی کامیل ئەحمەدی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “ئەمرۆ سەردانی دادسەرای شەهید موقەدس له‌قی ئێڤینم کرد، هیوادار بووم بڕیاری دەستبەسەرکرانی هاوژینەکەم بۆ دانانی بارمتە بگۆڕدرێ. بەڵام سکرتێری لێکۆلەر پێی راگەیاندین بڕیاری دەستبەسەرکردنەکە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.”
دۆسیەی کامیل ئەحمەدی لە لقی یەکی دادسەرای ئێڤیندایە و بڕیاری دەستبەسەرکرانەکەشی لەلایەن عەلی قەناعەت کارەوە دەرچووە. بە پێی هەواڵەکان بەشێکی بەرچاو لە دۆسییەی بەندکراوانی سیاسی کە تۆمەتی ئەمنییان دراوەتە پاڵ لەم بەشەی دادسەرای ئێڤیندان.
هاوسەری کامیل ئەحمەدی وتیشی: “رۆژی یەکشەمەی ئەم هەفتەیە دوای رازی بوونی لێکۆڵەری دۆسیەکە، بە خۆشحاڵییەوە توانیم بۆ جاری یەکەم چاوم بە کامیل بکەوێت. ئەم چاوپێکەوتنە کە ٤٥ دەقەی خایاند لە ژوورێکی چاوەڕوانکردندا و بە ئامادە بوونی چەند مەئمورێک بەڕێوەچوو. لەو دیدارەدا منداڵە ساواکەشمان بوو. رۆژێک پێشتریش ده‌رفه‌ت بە کامیل درا و توانی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفونی لەگەڵ ئێمە بێت. ئەوە پاش دوو هەفتە رویدا کە ئێمە هیچ هەواڵێکمان لێی نەبوو.”
شەفەق رەحمانی راشیگەیاند: “ئەگەرچی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی کامیل رەحمانی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە هەر هەیە، بەڵام دۆخی تەندروستی وادیار بوو کە باش بێت.”
بەپێی زانیارییەکان، ئەم لێکۆلەرە کورد لە بەندی “دووی ئەلف”ی دەستبەسەرگەی ئێڤیندا و لە ژێر چاودێری ئیتلاعاتی سپای پاسداران دایە.
دەگوترێت، بەم دواییانە لە ژووری تاکە کەسییەوە بۆ بەندی سێ کەسی گواستراوەتەوە.
کامیل ئەحمەدی لەو چاوپێکەوتنەدا کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بوویەتی، پێی وابووە سەرجەم لێپێچینەوەکان سەبارەت بە بەرهەمەکانی بوون و ئەوانیش کۆتاییان پێ هاتووە. بەڵام ئەمڕۆ لە دادسەرا بە هاوسەرەکەی راگەێنراوە کە لێپێچینەوەکان هەروا درێژەیان هەیە.

شەفەق رەحمانی سەبارەت بە بەدواداچوونیان بۆ ئازادی هاوژینەکەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “هەر وەک پێشتریش رامگەیاندبوو، بەڕێزان محەمەد ساڵح نیکبەخت و ئەمیر رەئیسیان پارێزەری کامیلن. بەڵام چون ئەم دوو بەڕێزە ناویان لە لیسی پارێزەرانی دەزگای دادوەری ئێراندا نییە، بەداخەوە هێشتا نەیانتوانیوە دۆسییەکە بخوێننەوە و بوونی رەسمییان لە پرۆسەی یاساییەکەدا ببێت.”
شەفەق رەحمانی هیواداریشە بەوەیکە ئەم دوو پارێزەرە بە زووترین کات بواری بە دەستەوەگرتنی دۆسیەکەیان بۆ برەخسێت، چونکوو “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان” بە وتەی ئەو کۆتایی پێهاتووە.
بە پێی پەسندکراوێک کە لە کاتی سەرۆکایەتی سادق لاریجانیدا دەرچووە، تۆمەتبارانی “تاوانە ئەمنییەکان” لە قۆناغی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەبێ پارێزەرەکانیان تەنیا لە ناو ئەو پارێزەرانە هەڵبژێرن کە لە لیستێکدا دەزگای دادوەری ئێران دەستنیشانی کردوون.
شەفەق رەحمانی لە درێژەی بەدواداچوونەکانی هەفتەی رابردوو بۆ جارێکی دیکە چاوی بە ئەندامانی فراکسیۆنی ژنان لە پەرلەمانی ئێران کەوتووە و ئەوانیش بۆ جارێکی دیکە بەڵێنیان داوە بەدواداچوون بۆ مەسەلە بکەن. بە پێی قسەی هاوژینی کامیل ئەحمەدی تا ئێستا ئاکامی ئەم هەوڵانەی پێڕانەگەێنراوە.

لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی لە ساڵانی رابردوو لە ناوەندە دەوڵەتییەکانیش کەڵکی لێوەرگیراوە و بەم دواییانە سەرقاڵی دوو لێکۆڵینەوە بووە بە ناوەکانی “لە سنوورەوە تا سنوور” (لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە ناسنامە و نەتەوە لە ئێران) و “چیرۆکی شاری مەمنوع کراو” (لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە ئێل جی بی تی لە ئێران). لێکۆڵینەوەی چیرۆکی شاری مەمنوع کراو لە ماوەیەک پێش ئێستا رابردوو لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “مێهر” لە لەندن بڵاوکراوەتەوە.
شەفەق رەحمانی پێی وایە، میدیاکان و رۆنامەنووسان بەدواداچوونی پێویستیان سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هاوژینەکەی نەکردوووە و دەڵێت: “لێرەوە داوا لە رۆژنامەنووسان لە میدیا ناوخۆییەکان دەکەم لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسە رەسمییەکان کە لەگەڵ بەرپرساندا دەیانبێت، بەدواداچوون بۆ دۆخی کامیل بکەن.”
کامیل ئەحمەدی لە دایک بووی شاری نه‌غه‌ده‌ و هاوڵاتی ئێرانی – بریتانی و دانیشتووی تارانە. لە ساڵانی رابردوو سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی “خەتەنەی ژنان”، “منداڵ هاوسەریی” و “هاوسەرگیری سپی” لە ئێران بووە.
هەروەها ئەم لێکۆڵەرە کوردە لە ساڵانی رابردوو بە هۆی لێکۆڵینەوە و چالاکییەکانی لە بوای خەسارە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە “رەگەز”، “منداڵان” و “کەمایەتییەکان” خەڵاتی ئەدەب و زانستی مرۆیی ناوەندی جیهانی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنگتۆن پێبەخشرا