تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، “محەمەدرەزا مێعمار سادقی”، گەڕیدە و چالاکوانی ئاشتی پاش ئەوەی سەردانی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان دەکات، بۆ ساڵێک سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی ئێڤین بەڕێکراوە.

ناوبراو لە ساڵی ۱۳۹۵/ 2016 بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە ماڵپەڕی گەشتیاری و میواندۆستی “Couchsurfing ” بۆ ماوەی ١٦ رۆژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەم چالاکوانە لە ساڵی ١٣٩٦/ 2017 لە دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” و “شێواندنی ڕای گشتی” بە ساڵێک بەندکران سزادرا. سەرەنجام ئەم سزایە لە خەرمانانی هەمان ساڵدا/ 2017.09 لە لقی ٣٦ دادگای پێداچوونەوەی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر زەرگەر وەکوو خۆی پشتڕاستکرایەوە.

محەمەد رەزا مێعمار سادقی لە ساڵی ١٣٨٨/ 2009 تا کاتی دەستبەسەرکرانی، بە بێ بەرامبەر بۆ پتر لە هەزار گەشتیاری بیانی و ئێرانی شوێنی مانەوەی دابین کردبوو. هەروەها چەندین گەشتی لە ژێر دروشمی “لە دەریای هاوڕێيەتییەوە تا کەنداوی ئاشتی” بەڕێوەبردبوو و نێوانی ئەم دوو دەریایەی چەندین جار لە رێی جیاوازەوە (بۆ نمونە لە رێگەی عیراق و ئەفغانستان) و بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەسەکانی هاتووچۆ (لەوانە پاسکیل) بڕیبوو.