کامیل ئەحمەدی، نووسەر و توێژەری کوردی ئێرانی – بەریتانی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر/ ٢٠١٩.١١.١٨ پاش نزیکەی ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ / ٢٠١٩.٠٨.١١ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی تارانەوە دەستبەسەرکرابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کامیل ئەحمەدی یەکەم مانگی دەستبەسەرکرانەکەی لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی “دوو الف”ی بەندیخانەی ئێڤین دا دەستبەسەربوو و پاشان بۆ بە بەندی گشتیی ئەو بەندیخانەیە گوازرابووەوە.

دەگوترێت کە ئەو نووسەرە کوردە لەو ماوەیەدا سەبارەت بە توێژینەوەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. کامیل ئەحمەدی لە چوارچێوەی توێژینەوەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر بابەتگەلی وەک “خەتەنەکردنی ژنان”، “هاوسەرگیریی منداڵان” و “هاوسەرگیریی سپی”.

غوڵامحسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا “پەیوەندی بە وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوەکانی سەربە دەزگا هەوڵگرییە بیانییەکان”ی وەک هۆکاری دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی ڕاگەیاندبووە.