بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژنامەوانی کورد سامان غەزاڵی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ٨ مانگ بەندکران و ساڵێک قەدەغەبوونی کاری ڕۆژنامەوانیی بەسەردا سەپاوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٢٥ی سێپتامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو بە درێژایی دوو مانگ دەستبەسەربوون لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەرییەکان لەژێر لێپرسینەوەدا بووە و جارێکیش وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بارودۆخی خۆیدا مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزدا (٢٦ی نۆڤامبر) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

سامان عەزاڵی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٩دا (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٠) بە هۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکانیەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ دەستبەسەر بوو و پاشان لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا (٢٩ی ژوەنی ٢٠٢١) دوای تێپەڕینی ٩ مانگ لە ماوەی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.