ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمە (١١ی مارس) ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی، بانگهێشتی بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕش (موقەدەس) لە تاران کراوە و تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و پێی ڕاگەیەنراوە.

ئەم پارێزەرە یاساییە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا بە شێوەی کاتی و بە کەفالەت ئازاد کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم پارێزەرە یاساییە کە پارێزەری ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسیی کورد بووە، لەبەر وتووێژەکانی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ئێراندا دۆسیەی یاسایی بۆ کراوەتەوە».

ناوبراو لە درێژەدا زیادی کرد: «بەشێک لە تۆمەتەکانی ساڵ نیکبەخت بریتین لە وتووێژ و بڵاوکردنەوەی هەواڵی دۆسیەی پارێزوانانی پێشوو و ئێستای، لەوانە لوقمان و زانیار مورادی، بنەماڵەی ئەفکاری و ژینا ئەمینی».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ساڵح نیکبەختدا پێوەندیی گرت بەڵام ئامادە نەبوو لەسەر ئەم بابەتە وتووێژ بکات.