دوابەدوای هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیيانی کورد لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە تاران گردبوونەوەی ناڕەزایەییان رێکخست.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دەیان هاوڵاتی کورد بە هۆی بەشداریان لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکاندا لەلایەن ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کران و دەستبەسەر کران.

لە رۆژانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و ڤیدیۆی گردبوونەوەکان لە شارەکانی سنە، کرماشان، مەریوان، بانە، سەقز، سەردەشت، ورمێ، تاران، مهاباد، بۆکان، قەتور، ئیسلام ئاباد (شاباد)، جوانڕۆ، ئەیوان، ئیلام، پاوە و روانسەر… بڵاوبوونەوە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن بڕیارە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام بن.

شایەتحاڵێک لە مەریوانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت، رۆژی ١٩ی رەزبەر/ 10.11 لە کاتی تێپەڕینی خۆپیشاندەران لە بەردەم فەرمانگەی ئیتلاعاتدا، هێزە ئەمنییەکان بە باتوم هێرشیان کردە سەر خەڵکی ناڕازی و کۆمەڵێکیان دایە بەر لێدان و بۆ حەوشەی ئەم ناوەندە ئەمنییەیان گواستنەوە.

چالاکوانێکی مەدەنیش لە شاری ورمێوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی لانیکەم 20 کەس کرد. بە وتەی ئەم چالاکوانە مەدەنییە، هێزە ئەمنییەکان هەر بەمەش نەوەستاونەتەوە و سوکایەتیان بە خەڵک کردووە و توندووتیژیان بەرامبەر نواندوون.

دەگوترێت سەرجەم دەستبەسەرکراوان پاش لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراونەتەوە.

هەروەها لە گردبوونەوەی هاوڵاتیانیی کورد و تارانی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک لە بەشداربوانیان دەستبەسەر کردووە. ئەگەرچی ژمارەیەک لەم کەسانە لە هەمان رۆژدا بە دانانی کەفالەت ئازاد کران، بەڵام باس لەوە دەکرێت ١١ هاووڵاتی لە ئێستادا لە دەستبەسەرگەی ئێڤین هێشتا دەستبەسەرن.

کۆبوونەوەی نارەزایەتی خۆێندەکارانی کورد لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە

بە پێی ئەو هەواڵانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، کۆماری ئیسلامی کەشی ئەمنی لە شارەکانی کوردستان خوڵقاندووە تا بتوانێت پێش بە گردبوونەوەی هاوڵاتیان بگرێت و هەروەها دەستی کردووە بە بانگ کردن و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی ناڕازی. لە شارەکانی سەقز، دێولان، سنە، مهاباد، سەردەشت، پاوە و روانسەر کۆمەڵێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان، بۆ دەزگای هەواڵگریی (ستادی خبری) فەرمانگەی ئیتلاعات بانگ کراون و کۆمەڵێکی دیکەش دەستبەسەر کراون.

ناوی کۆمەڵێک لە دەستبەسەرکراوان کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە وێڕای بەرواری دەستبەسەرکرانەکەیان لە خوارەوە ئاماژەی پێدەکرێ:

ئومێد حەق پەرست، هیمەت کەریمی، موبین کەریمی، دیاکۆ تابا، کەمال کۆنەپۆشی (ئەندامی کومیتەی ناوەندی ئەنجومەنی سەوزی چیا) و محەمەد بەهرامی لە رێکەوتی ١٩ی رەزبەر/ 10.11 لە مەریوان دەستبەسەر کراون.

ئەیوب ئەحمەدیان، یاسین کەریم پور، بێهزاد عەشایری، جەعفەر بەدری، رەزا پوررەحیمی، حەمید توانا، رەحمان ئەفزون فەر، نەریمان موعتەمێدی، حەمزە قەیسوەندی، ئەیوب ئەبناری، شێرزاد محەمەدی، لە زومرەی ئەو کەسانەن کە لە رێکەوتی 20ی رەزبەر/10.12 لە کۆبوونەوەکەی بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران دەستبەسەر کراون.

سنە: فوئاد عنایەتی، موبین خوسرەوی، ٢١ و ٢٢ی رەزبەر/ 10.13 و 10.14

سەردەشت: هێمن عەبدوڵلاهی، سەمیع کەریمی و عەبدوڵلا سولەیمانی، ٢٢ی رەزبەر/ 10.14

پاوە: هونەر حوسێنی، کەمال کیانی، باست موحەمەدی، ئیحسان ئاقایی، کەیهان عەزیزی و کۆسار محەمەدی، ٢٢ی رەزبەر/ 10.14

بانە: کوردۆ سەمیعی، سەلام رەحیمی، ئازاد رەحمەتیان، بەهادین حوسێنی، فریا یوسفی، ئیبراهیم شوریایی و سەید رەحیم مەعروفی، ٢١ی رەزبەر/ 10.13

ورمێ: رەزا ئیسماعیلی و کەیوان زارع، ٢١ی رەزبەر/ 10.13

جگە لەوەش، هەر سێ چالاکوانی کرێکاری عوسمان ئیسماعیلی، سەید عەلی حوسێنی و مەحمود ساڵحی خەڵکی شاری سەقز لە بەرواری ٢١ی رەزبەر لەلایەن فەرمانگەی ئەماکن و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکان لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، کۆمەڵێک پارێزەر، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی مەدەنی، کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران، کۆمەڵی راوێژکاری چالاکانی مەدەنیی یارسان و … بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی جیاواز هێرشەکەی تورکیایان شەرمەزارکردووە و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کردووە هەوڵی جیدی و خێرا بدەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشە. پێشتریش کۆمەڵێک پارێزەی کورد لەبەردەم نوسینگەی پارێزەران لە پارێزگای کوردستان كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخست و هێرشەکەیان مەحکوم کردبوو.

ئەمڕۆ هەشتەمین رۆژی هێرشەکەی ئەرتەشی تورکیایە بۆ سەر رۆژئاوا و بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ناوەندەکانی داکۆکیار لە مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە کۆکراونەتەوە، تا رۆژی شەشەم لانیکەم ٧٥ هاووڵاتی سێڤیل کوژراون و ٤٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە گیان بەختکردووان هورین خەلەف چالاکوانی سیاسیی کوردە کە وێڕای چوار کەس لە هاوڕێیانی لەلایەن گروپە جیهادییەکانی هاوپەیمانی تورکیا دەستبەسەر و دوایی گوللەباران کرا.