بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە میانەی گردبوونەوە ناڕەزاییەکانی خەڵک لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) 47 هاوڵاتی دەستبەسەر کراون. هەروەها بە گشی تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا ٥٥ هاوڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشییەوە لە شارەکانی ئێران دەستبەسەر کراون.

جێگای ئاماژەیە، جگە لەو هاوڵاتییانەی کە پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا ناوەکانیانی بڵاوکردبووەوە، چوار چالاکی مەدەنی بۆکانی بە ناوەکانی “ژاکا ئیسماعیلی پور”، “سمکۆ مەعروفی”، “شاهۆ خزری” و “هومەن فەیزی” لە رێکەوتی 23 رەزبەر/ 10.15 لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرابوون و رۆژی شەشی خەزەڵوەر/ 10.28 پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لێیان، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گوازرانەوە.

هەروەها لە بارەی چارەنووسی هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی “فەرهاد تاری مورادی” کە لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەکانی “تۆڕ” لە ورمێ باس لەوە دەکەن، “ئومێد مەلێکی” هاوڵاتیی کورد کە لە رێکەوتی 20ی رەزبەر/ 10.20 لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە تورکیا دەستبەسەر کرابوو، لە رۆژانی رابردوودا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازادکراوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆکراونەتەوە، تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا 55 هاوڵاتی لە شارە جیاکانی ئێران دەستبەسەرکراون کە تا ئێستا تەنیا دوو کەسیان بە دانانی بارمتە ئازادکراون و سەبارەت بە چارەنوسی دەستبەسەرکراوانەنی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. هەروەها ژمارەیەکی دیکە هێشتا دەستبەسەرن.

پێویسە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە کۆی ئەو 55 هاوڵاتییە دوو کەسیان سزادراون.

دوابەدوای هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) لە زۆرێک لە شارەکانی وەکوو تاران، ورمێ، خۆی، مهاباد، پیرانشار، سەردەشت، بۆکان، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، دێولان، دیواندەرە، کرماشان، پاوە، روانسەر، ئیلام و ئەیوان گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بەو هێرشە بەڕێوەچوو.