بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەر سێ چالاکوانی کورد “ژاکا ئیسماعیل پور“، “سمکۆ مەعروفی” و “هومەن فەیزی” کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بۆکان دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.

هەروەها “شاهۆ خزری” چالاکوانێکی دیکەی کورد کە وێڕای ئەو سێ کەسە دەستبەسەر کرابوو، هەروا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەرە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەم چوار چالاکوانە مەدەنییە رۆژی ٢٣ی رەزبەر/ ١٠.١٥ لە میانەی گردبوونەوە ناڕەزایییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرانەوە.

ژاکا ئیسماعیل پور، سمکۆ مەعروفی و هومەن فەیزی رۆژی شەشی خەزەڵوەر/ ١٠.٢٨ پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە لێيان، لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرانەوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆیکردوونەتەوە، ٤٧ هاوڵاتیی کورد بە هۆی بەشداریکردن لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکانی دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) دەستبەسەر کران و تا ئێستا دوو کەسیان سزایان بەسەردا سەپێندراوە.