گردبوونەوە ناڕەزاییەکان لەدژی بەرزبوونەوەی نڕخی بەنزین لە ڕۆژی ڕابردووەوە لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستیپێکردووە و لە ژمارەیەک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەردەوامییان هەیە. بەگوێرە ئەو هەواڵانەی بەدەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون لانیکەم ٧ هاوڵاتی لە شاری مەریوان بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانەوە کوژراون.

عەدنان حەسەن پوور، ڕۆژنامەنووسی کوردی دانیشتووی مەریوان لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی کە خۆپیشاندانەکان لەو شارە بەشێوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە دەستیپێکرد بەڵام پاش پەلاماری هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بۆسەر خۆپیشاندەران بە توندوتیژی کێشرا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە خۆپیشاندەران هێزە سەربازییەکانیان چەک کردبێت و تێکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویدابێت، لە بەردەوامیشدا گوتی: “ئەو توندوتیژییەی هێزە ئەمنییەکان دژی هاوڵاتییان پیشانی دەدەن تا ئێستا نموونەی نەبووە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە چەندین جار تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵک کردووە، ڕۆژی ڕابردوو ٦ هاوڵاتی کوژران، ئەمڕۆش یەک بۆ ٤ هاوڵاتی دیکە کوژراون و لە سنەش ئاگادارین کە هاوڵاتییەک دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لە دەستداوە. هەروەها دەیان هاوڵاتی برینداربوون، ژمارەیەک لەو بریندرانە بەڕێکراون بۆ نەخۆشخانەکانی بوعەلی سینان و فەجری مەریوان و هەندێکیش لە ترسی ئەوەی دەستبەسەربکرێن نەچوون بۆ نەخۆشخانە و لە ماڵەکاندا چارەسەرییان بۆ دەکرێت”.

ناوبراو جەختی کردەوە سەر تێکهەڵچوونە دەست بە یەخەکانی نێوان هێزە سەربازییەکان و هاوڵاتیان و گوتی: “لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی شاری مەریوان، ١٠ بانک، دوو پەپمی بەنزین و فرۆشگەیەکی “ئۆفۆقی کورۆش” (کە بەبۆچوونی هاوڵاتیان سەربە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانە) لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراون. دوو پەمپی بەنزینی دیکەی شارەکە بەهۆی نزیکبوونیانەوە بە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان نەسووتێندران و بەس ڕووخێندران. هەروەها ژمارەیەکی دیکەی بانکەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پەلاماردران و ڕووخێندران. لەلایەکی دیکەوە لافیتەی ناوەندە ئەمنییەکان لە سەرتاسەری شارەکانی سنە و مەریوان لەلایەن هاوڵاتیانەوە هەڵکەندراون”.

عەدنان حەسەن پوور هەروەها ئاماژەی بە بڕانی هێڵە ئینتەرنەتییەکان دا و وتی هێڵە تەلەفۆنییەکانیش تووشی کێشە بوون و بەردەوام دەپچرێن.

خۆپیشاندان لەدژی بەرزبوونەوەی نڕخی بەنزین لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات بە شارەکانی دیکەی ئێران لە ڕۆژی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە. سەرکوت و توندوتیژیی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بۆسەر هاوڵاتییان لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، کرماشان و سنە زیاتر لە شارەکانی دیکە بووە.

تۆڕی مافەکانی کوردستان پێشتر چەند ڕاپۆرتێکی لەبارەی وردەکاریی ئەو خۆپیشاندانانە و ئاماری کوژراوان و برینداران لە شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان و سنەی بڵاوکردبووە.