ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە (٢٤ی مارس) منداڵێکی کۆڵبەر بە ناوی هەستیار عەبدولکەریمی لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست دا. هەمان ڕۆژ میلاد حسەینی، منداڵە کۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە و دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی جەمیل عەبدی و ئاورین حەقانی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، بانە و نەوسوود بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە (٢٤ی مارس) منداڵە کۆڵبەرێکی خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی گوندی «کەسنەزان»ی سەقز لە ناوچەی سنووریی «میشاو»ی سەقز گیانی لە دەست دا. تەرمی ئەم منداڵە ڕۆژی دووشەممە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی ١٦ ساڵانی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی میلاد حسەینی لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بووە.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئاروین حەقانی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و جەمیل عەبدی، کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ، لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییە و مارسی ٢٠٢٤) چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی جەعفەر فەرەجی، عەلی زەرغامی، محەممەد گەنجە و عەتا حسەینی لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە، پیرانشار و نەوسوودی کرماشان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ڕەحیم محەممەدزادە، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیانی بەخت کردووە و تەرمەکەیشی لەسەر شاخێکەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دوو کۆڵبەریش بە ناوەکانی ئارام مەنووچێهری و سەیوان باتر کە خەڵکی مەریوان بوون، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.