ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر گرووپێک لاو کە لە پارکی ڕۆژهەڵاتدا لە نزیک ناوچەی مێژوویی تاقەوسانی کرماشان لە گەڕەکی زەفەر گۆرانیان دانابوو و شادی و هەڵپەڕکێیان دەکرد. لە ئەنجامی ئەم هێرش و دەسڕێژەدا دوو لاوی کورد بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری لە لای قاچەوە پێکران و بە سەختی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) گرووپێک لاو لە پارکێکی نزیک تاقەوساندا لە گەڕەکی «زەفەر» خەریکی گوێگرتن لە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بوون کە ژمارەیەک هێزی جلوبەرگ مەدەنی پەلاماریان دان و ئەو هێرش و پەلامارە بووە مایەی پەرچەکرداری ناڕەزاییانەی لاوەکان».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایی لاوەکان لە ئاست ئەم دەستێوەردانەدا، هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان لە مەودای چەند مەترییەوە بە دەمانچە تەقەیان لە محەممەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری کرد و بە سەختی برینداریان کردن.

ئەم دوو لاوە کە لای قاچەوە پێکراون و چەندین گوللەیان بەر کەوتووە، لە نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان و بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان خەوێنراون. دەوترێت ئارمان بەسیری لەبەر ئەوەی دە گوللە بەر قاچەکانی کەوتووە لە دۆخێکی خراپ و ناجێگیردایە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دامودەزگا ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە کردووە کە بۆیان نییە هیچ هەواڵێک سەبارەت بەم ڕووداوە بڵاو بکەنەوە.