کرماشان؛ ناسنامەی یەک لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان ئاشکراکرا

تۆڕی مافەکانی کوردستان: شەوی ڕابردوو هاوڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بەناوی “یونس عزەتی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە کوژرا. سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و گوتی “هێزە چەکدارەکان هەڵیاکوتایە سەری و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکرد”.

جێگەی ئاماژەیە کە دەزگا ڕاگەیەندنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیش ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و بە “ئاژاوەچی” ناویان بردووە.

یونس عزەتی

کەرماشان؛ یەکە تایبەتەکانی پۆلیس شەقامەکانی کرماشانیان قۆڕخکردووە

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە کرماشانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی گوت: “کەشی شارەکە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ئارامترە، بەڵام یەکە تایبەتەکانی پۆلیس مەیدانی ئازادی و گەڕەکەکانی جافرئاوا، بولوار، دەوڵەت ئاوا و باخی ئەبریشەمیان قۆڕخکردووە”.

هەروەها دانیشتوویەکی گەڕەکی جافرئاوا ئاماژەی بەوە دا کە زۆربەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لەو گەڕەکە کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و گوتی: ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لەو گەڕەکەدا، یەکە تایبەتەکانی پۆلیس لە هێلی کۆپتەرەوە دەستڕێژی گوللەیان لە هاوڵاتیان کرد.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی دەیان هاوڵاتی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون لە بەردەستدا نییە.

مەریوان؛ مانگرتنی دووکان و بازاڕ لە مەریوان بەردەوامە و  کەشی ئەمنیی شارەکە توندتر بووەتەوە

هێزەکانی سپای پاسداران لە شەقامەکانی شاری مەریوان

سەرچاوەیەک لە شاری مەریوانەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: مانگرتنی دووکان و بازاڕ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کوشتاری خۆپیشاندەران ئەمڕۆش بەردەوامە. هەروەها هێزە تایبەتەکانی سپای پاسداران شەقامەکانی ناو شاریان قۆڕخکردووە و بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆکان لە دەروازەکانی شاردا خاڵی پشکنینیان داناوە”.

سەرچاوەیەکی دیکە باسی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ١٨ بریندار لە نەخۆشخانەکانی “بوعەلی سینا” و “فەجر”ی مەریوانی کرد و گوتی هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران لە هەمەدانەوە بۆ مەریوان بەڕێکراون، ئەو نەخۆشخانانەیان گەمارۆداوە و بەریندارەکانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان دەڵێن کە لەناو هێزەکانی سپای پاسداراندا هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکەش دەبینرێن. جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی ڕابردوو تەرمی ژمارەیەک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ڕادەستی بنەماڵەکان کرایەوە و لە گۆڕستانی مەریوان بەخاک سپێردران.