سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە کرماشان باس لە دەستبەسەرکرانی دوو چالاکوانی کلتوری کورد بە ناوەکانی “سۆحبەت ئومێدی” و “مەحێدین ئەسغەری” لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز / ١١.٢٩، دەکەن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سۆحبەت ئۆمێدی هاوڵاتییەکی باوەڕمەند بە ئایینی یارییە و پێش دەستبەسەرکرانی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و لە کاتێکدا پێویستیی بەپەلەی بە چارەسەریی پزیشکی هەبووە براوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئەو دوو چالاکوانە کلتورییە کوردە لەم ماوەیەدا جارێک بەمەبەستی تۆمارکردنی دۆسییەکەیان براونەتە لقی حەوتی دادگای گشتی و شۆڕشی کرماشان و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران گەڕێندراوەتەوە.

دەگوترێت کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو دوو هاوڵاتییە کردووە کە بە هیچ جۆرێک سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆڵەکانیان لێدوان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان نەدەن.