مێهران تاک، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧، شۆفێر و باوکی منداڵێک بوو. ئەو هاوڵاتییە ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦، لەمیانەی خۆپیشاندانێک لە مەیدانی شەبڕەنگی مەریوان تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەگوێرەی وێنەیەک کە چەند خولەکێک پاش تەقە لە تەرمی مێهران تاک گیراوە و بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، گولـلەیک بەر ناوچاوانی کەوتووە و دەستبەجێ کوژراوە.

پاش بەڕێکردنی تەرمەکە بۆ نەخۆشخانە، هێزە ئەمنییەکان ئەو تەرمە و تەرمی چەند هاوڵاتیەکی دیکەیان بۆ پزشکی دادی مەریوان گواستووەتوە. هێزە ئەمنییەکان تەرمی مێهران تاک و چەند کوژراوێکی دیکەیان لە نەخۆشخانەی مەریوانەوە بۆ پزشکی داد گواستووەتەوە و کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ٢٨ی خەزەڵوەر / ١١.١٩، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هێزی و ئەمنی و دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵای تاک تەرمەکەیان لە بەهەشتی مستەفای مەریوان بەخاکسپاردووە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ڕێگەیان نەداوە کە تەرمەکە لە مزگەوتدا بشۆرێت و خۆیان لە غوسڵخانەی گۆڕستانەکە شۆردوویانە.

سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئامادەنەبوونی هیچ کەسێک لە بەهەشتی مستەفا، شەوانە دەیان هاوڵاتی سەردانی ئەو گۆڕستانەیان کردبوو و مەراسیمی ڕێزلێنانیان بۆ ئەو هاوڵاتییە بەڕێوەبردبوو. پاش ئەوە، باوک و هاوسەری مهران تاک بۆ دەزگای هەواڵگری (ستاد خبری)ی ئیدارەی ئیتلاعات بانگکران وهەڕەشەیان لێکرا کە بە هیچ شێوەیەک لەسەر کێلی مهران تاک وشەی “شەهید” نەنووسن.

دەگوترێت لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی خەزەڵوەر / ١٩ و ٢٠ی خەزەڵوەر لانیکەم تەرمی ٨ هاوڵاتیی کە لە خۆپیشاندانەکانی مەریواندا کوژرابوون لە بەهەشتی مستەفای مەریوان بەخاکسپێردراون.