بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٠ هاوڵاتی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوا گوازراونەتەوە. هەروەها نزیکەی ٢٠٠ هاوڵاتی دیکە هەر وا لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وئیتلاعاتی سپای پاسداراندا دەستبەسەرن.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە کرماشانەوە بە دەستمان گەیشتووە، خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکان لە گروپی پێنج و ١٠ کەسی دا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەیدانی نەفت و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بڕیارگەی نەبیی ئەکرەم دا دەستبەسەرن.

دەگوترێت لە نێوان دەستبەسەرکراواندا، منداڵ و هەرزەکاری ١٢ بۆ ١٧ ساڵیش هەن کە لە دۆخێکی نالەباردا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو دەستبەسەرگانەدا دەستبەسەرن.

بەگوتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لێکۆڵەرە ئەمنییەکان دەستبەسەرکراوانیان بەمەبستی وەرگرتنی وتەی زۆرەملی و دابپێدانانی تەلەفزیۆنی خستووەتە ژێڕ فشارەوە و بە سەختی ئەشکەنجەیان دەدەن، هەر بۆیە لە سەرتاسەری ئەو دەستبەسەرگانەدا دەنگی گریان و هاواری ئەشکەنجەدران دەبیسترێت.

هەروەها ئەو دوو ناوەندە ئەمنییە بەردەوامن لە چێککردنی ڤیدیۆ و وێنەکانی خۆپیشاندانەکان و لەو ڕێگەیەوە خۆپیشاندەران دەناسنەوە هەوڵی دەستبەسەرکردنیان دەدەن.

جێگەی ئاماژەیە کە سەدان هاوڵاتیی دیکە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایشی کرماشاندا دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.