بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ڕەحیم شەمعی کە لە زنجیرە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە شاری مەهاباددا دەستبەسەر کرابوو، سەرەڕای تێپەڕینی ٨ مانگ هێشتا هەر دەستبەسەرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕەحیم شەمعی لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (١ی دیسامبری ٢٠٢٢) بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا سەرەتا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بە تەلەفۆن بانگهێشت کرا و دوای سەردانکردنی بنکەی هەواڵگریی ئەم دەزگا ئەمنییە لە مەهاباد، دەستبەسەر کرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕەحیم شەمعی دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ورمێ و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دۆخی سەختی ئەم دەستبەسەرگەیە و لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا خرایە ژێر لێپرسینەوە. ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەو ماوەیە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان» لەژێر زەخت و گوشاردا بووە و تەنها یەک جار توانیبووی بە تەلەفۆن پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.

ڕەحیم شەمعی ئێستا بەبێ ئەوەی چارەنووسی خۆی و دۆسیەکەی دیاری بکرێت لە زیندانی مەهاباددایە.