ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی سەرماوەز (١٢ی دیسامبەر) ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆف لە پارلەمانی ئەورووپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوە چوو.

پارلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆفی پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد.

هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان بە بنەماڵەی ئەمینی نەدا بۆ بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمەدا لە ئێران بڕۆنە دەرەوە، هەر بۆیە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەکە، دەقی پەیامی دایکی ژینا ئەمینیی خوێندەوە.

دەقی پەیامی موژگان ئیفتیخاری، دایکی ژینا ئەمینی، لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفی ساڵی ٢٠٢٣دا کە لە لایەن ساڵح نیکبەخت، پارێزەر و نوێنەری بنەماڵەی ژیناوە خوێنرایەوە.

اندر دل من درون و بیرون همە اوست

اندر تن من، جان و رگ و خون همە اوست

اینجای چگونە کفر و ایمان گنجد

بی چون باشد وجود من، چون همە اوست

….

بەو دەمەت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ،

بۆنی دەشتی بەختیاری باوەشی چیای بە دەستی با، بە گوڵ چناوی لێوە دێ،

بۆنی سەر سەکۆی بە کاگڵی بە ئاوپژاوی لێوە دێ،

خۆشەویستەکەم

لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە

چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە

لە حەنجەرەی زەمانەوە

گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە.

خانمان و پیاوانی بەڕێز!

پێم خۆش بوو بەشداری ئەم کۆڕە بەپێزەتان بم تاکوو لە نزیکەوە و بە نوێنەرایەتی لە هەموو ژنانی نیشتمانەکەمەوە، سپاستان بکەم بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی پڕبەهای ساخارۆف کە هێمای ئازادیخوازیی پارلەمانی ئەورووپایە. بە داخەوە و بە پێچەوانەی هەموو پرەنسیبە یاسایی و ئینسانییەکان، ئەم دەرفەتەیان لێ زەوت کردین. پارێزەری ئێمە کاک ساڵحی نیکبەخت لەگەڵ خاتوو دوکتور سوهەیلا قادریدا، بە نوێنەرایەتی لە ئێمەوە لەو کۆڕەی ئێوەدا بەشداری دەکەن تاکوو پەیامی من بە ئێوە بگەیەنن.

ئێمە لێرەداین تاکوو لە زادگەی ژاندارکەوە یادی ژینا بەرز ڕابگرین، چەن جوان و مانادارە پێکگەیشتنی ئەم کچە ئیلهامبەخشانەی مێژوو دوای چەندەها سەدە و سەردەم. کەسانێک کە بە مەرگی خۆیان سنووری سەرزەمینەکانیان بەزاند و گیانێکی تازەیان بە بەر ئیرادەی ڕزگاری و ئازادیی مرۆڤەکاندا کردەوە. ژینا دەرکەوتنی ژین و ژیانە، هەمان ئەو کەسەی ناوەکەی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خەونی ئازادیی لە کوردستانی زادگەیەوە، بەرەو ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوین و دونیا هەڵکشاند و بە هیوای فڕین لە ئاسۆی ناکۆتای ڕزگاریدا، میلیۆنەها ژن و مرۆڤی ستەملێکراوی خستە بزووتن.

مەزڵوومانە گیانیان لێ ستاند و لە خەیاڵی خۆیاندا وایان دەزانی بە دەرهێنانی گیان لە جەستە، لە گەشە و هەبوون بەتاڵی دەکەنەوە. وەکوو ژاندارک کە لە خەیاڵی پووچی ستەمکاراندا بە سووتاندنی جەستەی، خەونەکانیشی بە دووکەڵ و هەبا دەبێت. ئەوان نەیاندەزانی و ئێشتایش نازانن کە لە خۆڵەمێشی ژاندارک و ژیناوە، قەقنەس ئاسا، ڕۆحێکی یاخی و ئیلهامبەخش لە دایک دەبێت: ڕۆحی سەردەم.

ئەم ڕۆحانەی سەردەم، دوای چەندین سەدە ئێستا پێک گەیشتوون تاکوو مزگێنیی ڕزگاریی هەمیشەیی بۆ خەڵکانی ئەم سەردەمە بە دیاری بهێنن. ئەوان مزگێنیدەری بەدیهاتنی بەها واڵاکانی مرۆڤن کە ئێستە لە دروشمی پێشکەوتنخوازانەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا ڕەنگی داوەتەوە، کۆمەڵە بەهایەکی سنوورهەڵنەگر و سەرووتر لە زەمەن و شوێن: دادپەروەری، ئازادی، ئاشتی، پێکەوەژیان و یەکسانیی هەموو مرۆڤەکان.

خانمان، ئاغایان، جیهانیان!

کۆستی ژینا بۆ من هەمیشەییە و بۆ هەموو خەڵکی جیهانیش هەرمان. دڵنیام ناوی ژینا لەگەڵ ناوی ژاندارکدا وەک هێمای ئازادی دەمێنێتەوە.

ئێستە لە زادگەی ژینای هەمیشە زیندووەوە، پێزانینی بێسنووری خۆم و بنەماڵەکەم ئاڕاستەی ئێوە دەکەم و هیوادارم لەم هەڵبژاردنە گەورەیەدا بەردەوام و سەربەرز بمێننەوە. بەو هیوایەش کە هیچ دەنگێک لە باسکردنی ئازادی نەترسێت.

موژگان ئیفتیخاری

دایکی زیندوو‌یاد ژینا ئەمینی