دوابەدوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی شاری گێلانی کرماشانەوە بۆ بەڕێوەبردنی جێژنی گەورەی نەورۆز لە ڕۆژی ٢ی خاکەلێوەدا (٢١ی مارس)، دامودەزگا ئەمنییەکان لەم ڕۆژانەی دواییدا گوشاریان خستبووە سەر ئەو چالاکانە و داوایان کردبوو ڕێوڕەسمەکە هەڵبوەشێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوونە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و هەموو پلاکارد و لافیتە و کەرەستەکانی تریان کۆ کردەوە و پاشان ڕێگاکانی ناوچەی «ناودار» لە چوار کیلۆمەتریی شاری گێلانیان داخست تاکوو خەڵک نەتوانن بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گێلانەوە سەبارەت بەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان یەکسەر دوای بڵاوبوونەوەی بەرچاوی بانگەوازی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی گێلان دەستی پێ کرد. سەرەتا هەوڵیان دا لە ڕێگای هەڕەشەکردنەوە لە بەڕێوەبەران، ڕێوڕەسمەکە هەڵبوەشێننەوە بەڵام لەم کارەیاندا سەرکەوتوو نەبوون. هەر بۆیە لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە لە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لە ناوچەی «ناودار» و لەسەر ڕێگاکانی ڕۆیشتن بۆ ئەو شوێنە، هێزێکیان جێگیر کرد تاکوو ڕێگری لە ئامادەبوونی خەڵک بکەن».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای هەموو ئەم زەخت و گوشارانە و هەروەها خاوکردنەوە و تێکدانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، بە هەزاران کەس لە خەڵکی گێلان لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەرەو «ناودار» بەڕێ کەوتن، بەڵام داخستنی جادە و ڕێگاکان بووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و ترافیکێکی زۆر و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکەکە هەوڵیان دا بە پێی پیادە خۆیان بگەیەننە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز.

بە گوێرەی ئەو هەواڵ و وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، لە ئێستەدا ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ناوچەی «ناودار»ی گێلان بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە حاڵی بەڕێوەچووندایە و سەرەڕای ڕێگریکردنی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان، بەردەوام ژمارەی بەشداربوان زیاد دەکات.

هاوکات قایمقامییەت (فەرمانداری)ی گێلان لە دووتوێی ڕاگەیاندننامەیەکدا وتوویەتی کە هیچ مۆڵەتێک بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ناوچەی «ناودار» دەرنەکراوە و ئەم ڕێوڕەسمە بەتەواوی نایاساییە و بەرپرسایەتیی هەر ڕووداو و لێکەوتەیەک لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانیدایە.

ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو و سەرەڕای زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیان بەڕێوە برد. هێزە ئەمنییەکان لە هەندێ لەم ڕێوڕەسمانەدا و لە ڕێگای هەڕەشەکردنەوە لە بەڕێوەبەران، داوایان کردبوو جلوبەرگی هێمایین و دروشمی شۆڕشگێڕانە بەرز نەکرێتەوە.