دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگەیان نەدا تەرمی مەنسوور کەریمیان، هونەرمەندی کوردی خەڵکی سنە، بگوێزرێتەوە بۆ ئێران و لە سنەی زادگەیدا ئەسپەردە بکرێت. ئەم هونەرمەندە کە لەم مانگانەی دواییدا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی فیلمسازی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو، شەوی شەممە ٢ی بەفرانبار (٢٣ی دیسامبەر) لە ئەنجامی بۆردومانکردنی شوێنی ژیانی لە شاری دێرک لە لایەن درۆنەکانی ئەرتەشی تورکیاوە، گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەرمی مەنسوور کەریمیان لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاواوە گوازرابوویەوە بۆ شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان و وا بڕیار بوو بۆ ئەسپەردەکردن ببرێتەوە بۆ سنە. بەڵام ڕۆژی ڕابردوو و دوای چەندین ڕۆژ هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، بە هۆی دەرنەکردنی مۆڵەت و ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە، بەرپرسانی خاڵی سنووریی «باشماخ» ڕێگەیان نەدا تەرمی ئەم هونەرمەندە کوردە بگوێزرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سنە ئەسپەردە بکرێت.

دوابەدوای ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڕانەوەی تەرمی مەنسوور کەریمیان بۆ شاری سنە، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو تەرمی ئەم هونەرمەندە گیانبەختکردووە لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان ئەسپەردە دەکرێت. پێشتر و لە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباردا (٢٧ی دیسامبەر) ڕێوڕەسمی پرسە و یادکردنەوەی ئەم فیلمسازە کوردە لە مزگەوتی «چواریاری نەبی»ی سنە بە ئامادەبوونی بەربڵاوی هاووڵاتیان بەڕێوە چووبوو.

مەنسوور کەریمیان، هونەرمەندی ٣٩ ساڵانی خەڵکی سنە، پێشینەی ٢٠ ساڵ چالاکیی لە بەستێنی سینەما و لە بواری وێنەگرتن، وێنەهەڵگرتن، دەنگهەڵگرتن و دەرهێنەریدا هەبوو. ئەرکی وێنەهەڵگرتنی دوو فیلمی سینەمایی بە ناوەکانی «تاڤا سۆر» و «ئەڤینا کورد» لە ڕیزی چالاکییەکانی ئەم هونەرمەندە کوردە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بوون.