حەوت هاووڵاتی و چالاکوانی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی سەفا عاییلی (خاڵۆی ژینا ئەمینی)، هیوا جیهانی، شێرکۆ (خالید) حیجازی، هیوا تاتایی، محەممەدئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی و ئومید موقەدەس لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەریی دووی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی، سزای بەندکران، قامچی و سزای تەواوکەریان بەسەردا سەپاوە.

ئەم حەوت هاووڵاتی و چالاکە کوردە خەرمانانی ئەمساڵ (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

ئەم کەسانە پێش لەمەیش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە و لە دۆسیەیەکی هاوبەشی دیکەدا، سزای بەندکران، سزای پارە و سزای تەواوکەریان بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتیانە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان (٤ی فێبرییە) لە لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەریی دووی سەقزدا دادگایی کراون و ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێربییە) بە شێوەی فەرمی حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی حوکمەکە، سەفا عاییلی بە تۆمەتی «ئامادەکردنی کەرەستەی تاوان بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و ٧٤ قامچی و بە تۆمەتی «شێواندنی ڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی درۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» سزای ١٣ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دادگا ئەم سزایەی گۆڕیوە بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی گشتی بە خۆڕایی (دەستەبەرکردنی تێچوو و بردنی منداڵانی هەژاری ناو لیستی کۆمیتەی ئیمداد بۆ سەیران و شاری یاری لە ڕۆژدا بە چاودێریی هەمان ئەو دەزگا دەوڵەتییە بۆ سێ کاتژمێر لە ماوەی یەک ساڵدا، هەروەها دەستەبەرکردنی جلوبەرگ و پێڵاوی قوتابخانە بۆ بیست کچەخوێندکاری هەتیوی سەرەتایی بە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ئیمداد و ئیدارەی بێهزیستیی سەقز).
هیوا جیهانی، شێرکۆ (خالید) حیجازی، هیوا تاتایی، محەممەدئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی و ئومید موقەدەسیش بە تۆمەتی «ئامادەکردنی کەرەستەی تاوان بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی گشتی» هەرکامە سزای ٨ مانگ بەندکران و ٧٠ قامچییان بەسەردا سەپاوە.

دادگاکە سزای ئەم هاووڵاتیانەیشی وەک سزاکەی سەفا عاییلی گۆڕیوە بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی گشتی بە خۆڕایی. ئەم دادگایە هەروەها سزای قامچیی ئەم ٧ هاووڵاتی و چالاکە کوردەی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەساردووە.