بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر / ١١.٢٠، خەلیل ئەسەدی بوژانی، چالاکوانی مەدەنیی یارسان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان دەستبەسەرکراوە.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە چەندین ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خەلیل ئەسەدی بوژانی، دەرگاکەیان شکاند و چوونە ناو ماڵەکەوە. ئەو هێزانە پاش پشکنینی ماڵەکە دەستیان کرد بە شکاندنی کەلوپەلی ناو ماڵەکە و لێدانی ناوبراو، پاشان دەستبەسەریان کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چالاکوانە مەدەنییە لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا تەنیا جارێک لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بەسەردەبات.

دەگوترێت کە هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەسەدی بوژانی کردووە کە بە هیچ شێوەیەک لەو بارەیەوە لەگەڵ دەزگا ڕاگەیەندنەکان قسەنەکەن.

گەڕەکی جافرئاوا یەکێک بوو لە ناوەندەکانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە کرماشان و ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران لەو گەڕەکەدا کرانە ئامانجی دەستڕێژیی گولـلە هێزە ئەمنییەکان وگیانیان لە دەستدا.