بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد، بانگهێشت کراوەتە بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەحنە. تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی ئێران» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە کوردە کراوەتەوە.

بەپێی بانگهێشتنامەکە، سیاوەش حەیاتی لە کاتی ڕاگەیاندنی نامەکەوە، واتە ٦ی ڕەشەمە (٢٥ی فێبرییە)، ماوەی ٥ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دراوە تاکوو لە بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەحنەدا ئامادە بێت و دوایین بەرگرییەکانی خۆی پێشکەشی دادگاکە بکات.

ئەم چالاکە یارسانییە لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لەگەڵ ٦ چالاکی یارسانیی تردا بە ناوەکانی سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی، سەیدسرووش عەباسی، عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی لە کاتی گەڕانەوەدا لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەیدخەلیل عالی‌نژادەوە، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای یارسان، لە نێوان سەحنە بۆ کرماشاندا لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی بێستوون لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی و بە بێڕێزی و لێدان دەستبەسەر کران. ناوبراو دوای ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.

سیاوەش حەیاتی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەر (٢٣ی سێپتامبر) و لە سەرەتای سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکاندا، لە گوندی «وەرگمە»ی داڵاهۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان. ئەم چالاکە یارسانە کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەستبەسەرکردنی خۆیدا مانی لە خواردن گرتبوو، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەردا (٨ی ئۆکتۆبر) بە دانانی کەفالەت لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.

شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای ئەمساڵدا (٢٠٢٢) ڕایگەیاند کە سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد، لە لایەن لقی ٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە کە لە شاری شاباددایە، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.