ڕۆژی ڕابردوو ٩ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) هێزە ئینتیزامییەکان لە نزیک شاری خوڕەمئاوا بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی مەریوانی بە ناوی ڕەحمان ڕاشدیمەنش کردووە کە لە ئەنجامدا ٢ منداڵی سەرنشینی ئەم ئۆتۆمبێلە بە ناوەکانی مێهدی و مەتین ڕاشدیمەنش کوژراون.
خزمێکی ئەم بنەماڵەیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو دوو ئۆتۆمبێلی هێزە ئینتیزامییەکان لە نزیک شاری خوڕەمئاوا کەوتوونەتە دوای ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییە مەریوانییە و سەرەڕای ئەوەی لە بوونی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا ئاگادار بوون، داویانەتە بەر دەسڕێژی گوللە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم دەسڕێژەدا مێهدی ڕاشدیمەنشی ١٢ ساڵان دەستبەجێ کوژراوە و مەتین ڕاشدیمەنشی ٩ ساڵانیش دوای چەند کاتژمێر بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری خوڕەمئاوا گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە ڕەحمان ڕاشدیمەنش و هوما (پاشناو نادیار)، هاوسەری ڕەحمان کە خەڵکی خوڕەمئاوایە، دەستبەسەر کراون، بەڵام دایکی ئەم دوو منداڵە دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە. تەرمی ئەم دوو منداڵە لە نەخۆشخانەیەکی شاری خوڕەمئاوادایە و وا بڕیارە سبەینێ لە پزیشکیی داد ڕادەستی بنەماڵەیان بکرێتەوە.