بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی گەڵاڕێزان (٩ی نۆڤامبر) فایەق مام‌قادری، هاووڵاتیی ٣٧ ساڵەی خەڵکی مەهاباد کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەردا (١٥ی ئۆکتۆبر) بە تەقەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ گیانی لەدەست دا.

تا ئەم دەقەیە لەبەر دەستێوەردان و پیلانگێڕیی دامودەزگا ئەمنییەکان تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەی نەکراوەتەوە و هێشتا هەر لە پزیشکیی دادی ورمێدا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر (١٥ی ئۆکتۆبر) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی دانا مام‌قادری، برای فایەق مام‌قادری، ماڵەکەیان گەمارۆ دەدەن، فایەق مام‌قادری دوای ئاگاداربوون لەم بابەتە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە ناوی مەسعوود فەرەجزادە بە ئۆتۆمبێل بەرەو ماڵی بنەماڵەکەی بەڕێ دەکەون کە هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا فەرمانی وەستانیان پێ دەدەن، هەر بۆیە خێرایی ئۆتۆمبێلەکە کەم دەکەنەوە تاکوو بوەستن. بەڵام ئۆتۆمبێلەکە بەبێ هیچ بیانوو و پاساوێک لە لایەن ئەو هێزانەوە دەدرێتە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا فایەق مام‌قادری بە ٨ گوللە و مەسعوود فەرەجزادە بە ٣ گوللە دەپێکرێن.

دانا مام‌قادرییش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر دەکرێت و دەگوێزرێتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە مەهاباد.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای برینداربوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ کران و فایەق مام‌قادری تا ئەمڕۆ لە حاڵەتی کۆمادا بوو. مەسعوود فەرەجزادەیش تا ئێستا هەر لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی خومەینیدایە.

دەوترێت دانا مام‌قادری حەفتەی ڕابردوو دوای سێ حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە کە دوابەوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی کڵپەی سەندووە، تا ئێستا لانیکەم ٥٥ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام، قەزوێن، ئەلبورز و تاران بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. حەوت لەم کەسانە منداڵانی خوار ١٨ ساڵ بوون.