سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤامبر) لاوێکی ٢١ ساڵانی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ڕێباز ساڵحی‌وەند کەوتە بەر دەسڕێژی گوللەی ساچمەی هێزەکانی سپای پاسداران و گیانی لەدەست دا.

کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو لە نزیک گوندی حاجی مامیانی مەهاباد، ڕێباز ساڵحی‌وەند لەگەڵ هاوڕێیەکیدا کە ناسنامەی نادیارە، لە حاڵێکدا کە لەسەر مۆتۆر بوون لە مەودایەکی نزیکی چەندمەترییەوە کەوتە بەر دەسڕێژی گوللەی ساچمەی هێزەکانی سپای پاسداران و بە قورسی بریندار بوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «دوای چەند کاتژمێر ڕێباز کە زیاتر لە سەد گوللەی ساچمەی بەر کەوتبوو و بە قورسی بریندار ببوو، گیانی لەدەست دا. هێزەکانی سپای پاسداران دەروازەی چوونەژوورەوەی شاری مەهابادیان گەمارۆ دا و نەیانهێشت تەرمەکەی لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی ئەم شارەدا ئەسپەردە بکرێت، هەر بۆیە بنەماڵەکەی بە ناچار لە گۆڕستانی گوندی یووسف‌کەند لە چەند کیلۆمەتریی مەهاباددا ئەسپەردەیان کرد».

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٤٣ کەس لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ، پیرانشار، سنە، دیواندەرە، دێولان، کامێران و کرماشاندا کوژراون.