پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر کوژرانی کۆڵبەرێک بەناوی عەزیم ئەحمەدی لەسەر سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان، دەرکەوت کە ناوبراو باری قاچاخی پێ نەبووە و لە مەودای چەند مەترییەوە بەدەستی سەربازێکی پاسه‌وانی سنووره‌وه‌ تەقەی لێ کراوە. شایەتحاڵێک بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند ”عەزیم ئەحمەدی ڕۆژی ١١ی ڕەزبەر لە ناوچەی سۆفیجانی شۆشمێ کە سەر بە قەزای نەوسوودە لەلایەن سەربازێکی بنکەی سنوورڤانی شۆشمێوە کوژراوە. بەرئێوارەی ئەو ڕۆژە، ئەو کۆڵبەرە بۆ یارمەتیدانی کۆڵبەرەکانی تر ڕۆیشتبوو و لەحاڵێکدا هیچ بارێکی هەڵنەگرتبوو، تەقەی لێ کراوە”.

بە وتەی ئەم شایەتحاڵە، عەزیم ئەحمەدی لەگەڵ دوو سەربازی بنکەی سنوورڤانی شۆشمێ ڕووبەڕوو دەبێتەوە و لێیان دەخوازێ تەقەی لێ نەکەن، بەڵام لەوپەڕی سەرسووڕمانەوە یەک لەو سەربازانە بە ناوی ”ی.ج” لە مەودای دە مەترییەوە ته‌قه‌ی لێ ده‌كات و عەزیم ئەحمەدی دەکوژێت.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی ”ئەم دوو سەربازە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە ته‌رمی کۆڵبەرەکەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ بنکەی سنوورڤانی شۆشمی و پاش ٢٤ کاتژمێر ڕاگرتن، بە دانانی وەسیقە ئازاد کراون و گوازراونەتەوە بۆ هەنگی سنوورڤانی شاری پاوە”.

كه‌ماڵ قادریان – ئۆمید ساڵحپوور

هەروەها ئێوارەی ١٣ی ڕەزبەر، هێزەکانی سەر بە یه‌كێی پاسه‌وانی سنووری سەردەشت لە نزیکی گوندی دینارانی سەر بە دەڤەری ئالان لە سەردەشت، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەرەکان کردووە کە لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ”ئۆمید ساڵحپوور” تەمەن ٢٣ ساڵ و ”کەماڵ قادریان” تەمەن ٢٨ ساڵ بە توندی بریندار بووگن.

دوابەدوای داخرانی ڕێڕەوە سنوورییەکانی تایبەت بە کۆڵبەران، دەیان هەزار کۆڵبەری خاوەن مۆڵه‌تی کۆڵبەری بێکار کراون و وێڕای هەبوونی مەترسی گیانی، بەهۆی ناچارییەوە ڕوویان کردوەتە ناوچە شاخاوییە سەغڵەتەکان و كۆڵبه‌ری ده‌كه‌ن .
لەپاڵ داخرانی سنوورەکان کوشتنی سیستەماتیکی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەڵکشانێکی تۆقێنەری بەخۆیەوە بینیوە. بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٥ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و ٢٠ی دیکەش بریندار بووگن.
هەروەها سێ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین و بەربوونەوە لە بەرزایی، گیانیان لەدەست داوە و ١٧ کۆڵبەری دیکەش بە هەمان هۆکار بریندار بووگن.