لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردوودا ۳ كۆڵبەری كورد لە ناوچەكانی نەوسوود و ورمێ لە كاتی ڕۆیشتن بۆ سەر سنوور، بەبێ ئەوەی كە كەلوپەلی قاچاخیان پێ بێت لەلایەن هێزە نیزامییەكانی سەر سنوور تەقەیان لێ كراو كوژراو برینداربوونه.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە بە تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەزبەر كۆڵبەرێك بە ناوی شەفیع محەممەد پوور خەڵكی سلیوانای ورمێ بەبێ ئەوەی ئاگادار بكرێتەوە، لەلایەن هێزە نیزامیەكانەوە تەقەی لێكراو بە دژواری بریندار بووە، هەروەها لە ڕۆژی ۹ڕەزبەر لە ناوچەی سیلوانای ورمێ كاروانێك لە كۆڵبەران دەكەونەبەر تەقەی هێزە نیزامییەكان كە لەئاكامی ئەم تەقەكردنانە كۆڵبەرێكی ۲٦ساڵ بە ناوی ئەكبەر خەلیلی كورانی، خەڵكی ئاوایی كوران سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست، گیان لە دەست دەدات.
هەروەها بەپێی سەرچاوەكانی تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی ڕەزبەر لە دوای بەردەوام بوونی كوشتنی كۆڵبەران لەلایەن ڕژێمی كۆماری ئیسلامییەوە، لە هەورامان كۆڵبەرێكی دیكە لە ناوچەی نەوسوود لە سنووری سۆفی جان سەر بە شاری شووشمی بەبێ هیچ وشیاركردنەوەیەك درایەبەر گوللەی ڕاستەوخۆو كوژراوە.
سەرچاوەكە باس لەوە دەكات، ئەم كۆڵبەرە كوژراوە بەناوی عه‌زیز ئەحمەدی ٤۲ ساڵ تەمەنی بووەو خێزاندارو خەڵكی ئاوایی تەشار لە ناوچەی نەوسوودە.
هەروەها هێزە نیزامییەكان دوای كوشتنی ناوبراو تەرمەكەی لەو شوێنە بە جێدەهێڵن، كە لە دواییدا خەڵكی ئەو ناوچەیە ته‌رمه‌كه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاری نه‌سوود ده‌گوازنه‌وه‌.