لە ماوەی یه‌ك حه‌وتوودا بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و سەقز کاسبکارێک کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی شەمەی رابردوو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنووری کێلەشینی شنۆ پۆلێک لە کاسبکارانی سەرسنوور دەدەنە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان و بەم هۆیەوە کاسبکارێکی گەنج بە ناوی رێبوار عومەرزادە گیانی لە دەستدا و یەکێکی دیکەش بە ناوی رەسول گۆرانی بریندار بوو.
دەگوترێت رێبوار عومەرزادە بەم دواییانە هاوسەری ژیانی هەڵبژرادووە و دەزگیراندار بووە.
هەروەها رۆژی ٢٩ی خەرمانان/ 09.20 لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار کۆڵبەرێک بە ناوی مەجید خالیدزادە لەلایەن هێزەکانی پاراستنی سەرسنووری ئێران بریندار بوو.
بە پێی هەواڵێک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، رۆژی ٢٧ی خەرمانان/ 09.18 لە میراوێی سەردەشت کۆڵبەرێک بە ناوی خدر بیلۆکە و رۆژی ٢٣ی خەرمانان/ 09.14 لە ناوچەی سەرشیوی سەقز کاسبکارێک بە ناوی کەیهان ئەکرەم خەڵکی ئاوایی گوێزە کوێرە بریندار بوون.
بە پێی ئامارێکی رەسمی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانە لە ئێراندا. هەر بۆیەش خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیانيان روو لە پیشەی کۆڵبەری و کاسبکاری دەکەن و ساڵانەش بەم هۆیەوە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە بیانوی ئەوەیکە کاڵای نایاسایی دەگوازنەوە دەکەونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دەکوژرێن و بریندار دەبن.