کاسبکارێکی کورد بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە سەختی برینداربوو، هاوکات کاسبکارێکی دیکە لە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی سەر سنوور لە دەوروبەری ورمێ گیانی لە دەستدا.. ئەوە لە کاتێکدایە کە لەم دوواییانەدا کیومەرس شەیخی، فەرماندەی هێزەکانی سەر سنوور لە پارێزگای سنە لە دانیشتنێكی ڕەسمیدا ڕایگەیاندووە کە داخستنی سنوورەکان کێشەی ئابوری چارەسەر ناکات و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لەڕووی ناچارییەوە ڕوو دەکەنە کاری “قاچاخ”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ٩ی ڕەزبەر / ١٠.١، گروپێکی کاسبکاران لە چیاکانی قەندیلی سەربە سەردەشت درانە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامدا کاسبکارێک بەناوی “قادر محەمەدزادە”، خەڵکی گوندی توژڵی سەردەشت بەسەختی برینداربوو. ئەوە لە کاتێکدایە کە لەم دوواییانەدا کیومەرس شەیخی، فەرماندەی هێزەکانی سەر سنوور لە پارێزگای سنە لە دانیشتنێكی ڕەسمیدا دانی بەوەدا ناوە کە داخستنی سنوورەکان کێشەی ئابوری چارەسەر ناکات و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لەڕووی ناچارییەوە ڕوو دەکەنە کاری “قاچاخ”.

قادر محه‌مه‌دزاده‌

جێگای ئاماژەیە کە هێزە سەربازییەکان دەستیان بەسەر باری هەموو ئەسبەکانیشدا گرتووە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر / ١٠.٢، کاسبکارێک بەناوی عەزیز ڕەئیسی خەڵکی گوندی گردێک سەربە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکاندا کوژراوە.

هاوکات بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵدەریی مێهری ئێرانی، کیومەرس شەیخی، فەرماندەی هێزەکانی سەر سنووری پارێزگای سنە ڕۆژی ڕابردوو لە چوارچێوەی دانیشتنێک لەگەڵ نوێنەری “عەلی خامنەیی”، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەو پارێزگایەدا ڕایگەیاند کە داخستنی سنوورەکان کێشەی ئابوری چارەسەر ناکات.

ئەو فەرماندەیە پاش دانپێدانان بە دۆخی نالەباری ئابوری هاوڵاتیان لە ناوچە سنوورییەکاندا، گوتی: “لە پەراوێزی سنوورەکاندا گوندی زۆر هەن کە دانیشتووانیان هیچ کەسب و کارێکیان نییە و بۆیەشە ناچارن دەست بکەن بە کاری قاچاخ”.

عەزیز ڕەئیسی

بە گوتەی ئەو فەرماندە سەربازییە، لەو کاتانەی بازاڕەکانی سەر سنوور دانەخرابوون تەنیا لە پارێزگای سنەدا زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس دامەزاربوون، بەڵام ئەو کەسانە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بێکارییەوە دەستییان کردووە بە کاری کۆڵبەری.

ناوبراو لە بەردەوامیدا گوتوویەتی: “ئەو کەسانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەرمان کردوون بەهۆی بێکاری و تەنیا لە ڕووی ناچارییەوە دەستیان کردووە بە کاری کۆڵبەری. ڕاستە ڕێگاکەیان هەڵەیە بەڵام بۆ وەدەستخستنی تیکەیەک نان ئەو کارەیان هەڵبژاردووە”.

 بە پێی ئامارێکی رەسمی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانە لە ئێراندا. هەر بۆیەش خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیانیان روو لە پیشەی کۆڵبەری و کاسبکاری دەکەن و ساڵانەش بەم هۆیەوە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە بیانوی ئەوەیکە کاڵای نایاسایی دەگوازنەوە دەکەونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دەکوژرێن و بریندار دەبن.