تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ـ مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، مانگێکی خوێناوی بوو بۆ کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان؛ مانگێک کە بە کوژرانی کاسبکارێک بە هۆی راونانییەوە لە جوانڕۆ دەستی پێکردبوو، بە کوژرانی هاوڵاتییەکی دیکە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور لە پیرانشار کۆتایی پێهات. هەر لەم مانگەدا سێ کەسی دیکە لە رووداوی هاوشێوەدا گیانیان لە دەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دوو هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز و بانە کەم ئەندام بوون.

دوا رۆژەکانی ئەم مانگە هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ئێران و کوردستان و بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن کاربەدەستانی ئێران. بڕینی ئینتەرنێت و بوونی کەشی ئەمنی لە شارەکانی کوردستان بوو بە گرفت بۆ پرۆسەی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دژی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد. هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە مانگی خەزەڵوەردا بڵاونەکرابێنەوە.

راپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و تووندووتیژی دژ بە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە مانگی رابردوودا لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراوەتەوە لە بەردەوامیدا دێت.

تەقە راستەوخۆکان و رووداوەکانی مەرگ

لە درێژەی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی خەزەڵوەردا، سێ هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا.

بە پێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “کامران بیانەک” هاوڵاتیی کورد، رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەر/ ١١.١٤ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور لە بنکەی “بەنگین خان”ی سەر بە شاری پیرانشار گیانی لە دەستدا. ئەم کاسبکارە تەمەن ٢٦ ساڵە خەڵکی گوندی “کۆنە خانێ”ی پیرانشار بوو.

لە روداوێکی دیکەدا، رۆژی ٢١ی خەزەڵوەر/ ١١.١٢ هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور لە ناوچەی “هەنگەژاڵە”ی بانە گروپێکی کاسبکاران و کۆڵەرانی کوردیان دایە بە دەستڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “تاهیر حوسێنی” خەڵکی گوندی “سەدبار”ی بانە گیانی لە دەست دا.

لەلایەکی دیکەوە، “پەیمانی یوسفی”، خەڵکی سەردەشت کە لە ١٢ی رەزبەردا/ ١٠.٠٤ لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوورەوە بریندار ببوو، پاش مانگێک و لە رۆژی ١٠ی خەزەڵوەر/ ١١.٠١ بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گیانی لە دەستدا.

بە پێی هەواڵەکان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، زۆر جار راونان و کەوتنە شوێن کاسبکاران لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و هەروەها کەوتنە خوارەوەیان لە بەرزاییەکانەوە، گیان لە دەستدانی ئەم  هاوڵاتتیانەی لێكەوتۆتەوە.

لە یەکەم رۆژی مانگی خەزەڵوەردا/ ١٠.٢٣ هێزەکانی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی كاڵای قاچاخ لە جوانڕۆ دەکەونە شوێن ئۆتۆمبێلی “نامدار ساڵح زادە”، هاوڵاتیی کورد لە نزیک شاری جوانڕۆ و ئۆتۆمبێلی ئەم هاوڵاتییە وەردەگەڕێت و لە ئاکامدا گیانی لە دەست دەدات.

شایەتحاڵەکان سەبارەت بەو رووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان گوتبوو، هێزەکانی ئەم فەرمانگەیە سەرەڕای ئەوەی زانی بوویان باری ئەم هاوڵاتییە “مێوژ”ە دەکەونە شوێنی و سەرەنجام بزماری بۆ لەسەر جادە رۆدەکەن کە ئەمەش دەبێتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی.

هەر دوو رۆژ دواتر، “جەواد رۆستەم نژاد” کۆڵبەری کورد لە کاتی کۆڵبەریدا، لە بەرزاییەکانی ناوچەی “گڵە سونی”ی نەوسود کەوتە خوارەوە و گیانی لە دەست دا.

بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان، ئەم هاوڵاتییەی خەڵکی پاوە، لە کاتی گەڕانەوەی لە سەر سنوور کەوتووەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور. لە کاتی راکردنی لەم بۆسەیە لە بەرزاییەکانی “گلە سونی” کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە. شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردبوو کە ئەم هاوڵاتییە هەوڵیدابوو چەند کارتۆن کاڵای بیانی بگوازێتەوە.

بەردەوامبوونی تەقەکان و حەوت بریندار

بە پێی هەواڵەکان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت و لەنزیکەوە تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کردووە.

لە مانگی رابردوودا شەش هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی “سیامەند محەمەد عەبدوڵڵا”، “سیروان محەمە عەبدوڵلا”، “حوسێن عەبدوڵڵا”، “سیروان سەعادەت نیا”، “سولەیمان ئابتین” و “ئەمیر ئەمیرزادە” بە هۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی، بانە، پیرانشار و سەردەشت بریندار بوون.

بە پێی راپۆرتەکان، سەرجەم ئەم هاوڵاتییانە بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک رووداوەکە گوازراونەتەوە.

دەگوترێت، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەندێک جار هاوڵاتییانی ئاساییشیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە. بۆ نمونە دەکرێت باس لە “جەمال محەمەدی” بکرێت لە لە ناوچەی “بروێشکانی” بانە لە کاتی کۆکردنەوەی مازوو کەوتبووە بەر تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بەم هۆیەوە بریندار ببوو.

تەقینەوەی بێ کۆتاکان

پاش تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر شەڕ لە کوردستان و شەڕی نێوان ئێران و عیراق، هێشتا تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت ناو شار و گوندەکان قوربانی لێدەکەوێتەوە و ساڵانە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست دەدەن و بریندار دەبن.

لە دوا حاڵەتەکاندا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “ئەشکان فەتاحی” لە بەرزاییەکانی ناوچەی سنووری “شوشمی” سەر بە نەوسودی شاری پاوە بە هۆی تەقینەوەی مین کەم ئەندام بوو.