بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بە سەدان هاوڵاتی لە کەلی “تەتە”ی هەورامان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی “فەرهاد خوسرەوی”، کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ کە لە شەوی ٢٥ی سەرماوەز / ١٢.١٦ ەوە لە بەفر و بۆراندا ماوەتەوە و بێ سەروشوێنە. بەهۆی بەفرێکی زۆر کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەو ناوچەیە باریوە، ئەو هەوڵانە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز / ١٢.١٦، فەرهاد خوسرەوی لەگەڵ “ئازاد خوسرەوی”ی برای و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی “حسێن کەرەمی” بەمەبەستی کۆڵبەری بەرەو بەرزاییەکانی “تەتە”ی هەورامان بەڕێکەوتن و پاشان گرفتاری بەفر و بۆران بوون.

بە خاک سپاردنی ئازاد خوسرەوەی لە گوندێ نێ

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧، تەرمی ئازاد خوسرەوی دۆزرایەوە. حسێن کەرەمیش هەر ئەو ڕۆژە لە کاتێکدا دۆزرایەوە کە بە سەختی برینداربوبوو و پاشان بۆ نەخۆشخانەی مەریوان بەڕێکرا.

تەتەی هەورامان یەک لە بەرزترین ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ساڵانە بەفرێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەرانی هەرزەکار لەو ناوچەیەدا بەهۆی گرفتاربوون لە بەفر و بۆراندا گیانیان لە دەستداوە.

بە گوێرەی ئامارێکی رەسمی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانە لە ئێراندا. هەر بۆیەش خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بۆ بژێوی ژیانیان روو لە پیشەی کۆڵبەری و کاسبکاری دەکەن و ساڵانەش بەم هۆیەوە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە بیانوی ئەوەیکە کاڵای نایاسایی دەگوازنەوە دەکەونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دەکوژرێن و بریندار دەبن.

لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە بۆ ئێستا بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٥ی دیکەش برینداربوون. هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی برینداربووە. کۆڵبەرێکیش بەهۆی مانەوە لە بەفر و بۆراندا گیانی لە دەستداوە و یەکی دیکە برینداربووە.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/559214944935692/?t=0