تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٠ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٩، پۆلێک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شۆشمێ سەر بە شاری پاوە کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامییەوە. ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی کۆڵبەرەکان تەقەیان لە بارەکانیان کردووە و لەو سەروبەندەدا گولـلەیەک بەر قاچی کۆڵبەرێک کەوتووە، کۆڵبەرێکی دیکەش لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجەدراوە و ئێستا چاوی نابینێت.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوە لەمبارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: ” پاش ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەیان لە بارەکان کرد کە هەڵگری تەلەفزیۆن بوون، یەک لە کۆڵبەرەکان هەوڵی دا خۆی لە دەست بارەکەی ڕزگار بکات و بارەکەی فڕێ بدات، بەڵام گولـلەیەک بەر قاچی کەوت، کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی پەیمان عەبدی بەهانای کۆڵبەرە بریندارەکەوە چوو کە ئەو هێزانە پەلاماریان دا و بە باتون و سپرای گازی بیبەر ئەشکەنجەیان دا”.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، دەموچاوی پەیمان عەبدی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی شاری نەوسود پاش ئەشکەنجەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور برینداربووە و چاوەکانیشی تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نابینێت.

هەروەها ئەو کۆڵبەرەی دیکە کە گولـلە بەر قاچی کەوتووە، لە ترسی دەستبەسەرکردنی ڕای کردووە و لە ئێستادا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوشی لە بەر دەستدا نییە. ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کەوردستان پارێزراوە.