ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی پۆلیس و سپا لە گوندی “زەردۆیی” ناوچەی باینگانی پارێزگای کرماشان کەوتنە دوای ئۆتۆمبیلەکانی هەندێ لە کاسبکارانی سەرسنوور و هەوڵیان دا دەست بەسەر بارەکانیاندا بگرن، ئەمەش بووە هۆی کەوتنەوەی گرژی و گوندەکە بۆ چەند کاتژمێرێک بوو بە گۆڕەپانی تێکهەڵچوون و هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کرد.
یەک لە دانیشتووانی ئەم گوندە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو کاروانێکی پێکهاتوو لە هێزی پۆلیسی باینگان، هێزی زەمینیی سپای باینگان و سپای پاوە، لە نزیک گوندی زەردۆیی کەوتنە شوێن ئۆتۆمبیلەکانی هەندێ لە کاسبکارانی سەرسنوور کە مەڕوماڵاتیان پێ بوو و دەیانویست دەستیان بەسەردا بگرن، بەڵام خەڵکی گوندەکە بە هانای کاسبکارەکانەوە هاتن و بە گژ هێزە چەکدارەکاندا چوونەوە و ئەم هێزانەش بە تەقەکردن وەڵامیان دانەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک بووە هۆی ئەوەی هێزە چەکدارەکان نەتوانن دەست بەسەر بارەکاندا بگرن و بە ناچار هەڵاتن و گوندەکەیان بەجێ هێشت.


لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە، بە ڕوونی دیارە کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناو گوندەکەدا تەقە دەکەن.
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەشی وت کە لەبەر ڕێژەی بەرچاوی بێکاری و هەژاری لەم ناوچانەدا، خەڵکی ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و کاسبکاری. زیاترین ڕێژەی کاسبکارییەکانیش بریتییە لە هەناردنی مەڕوماڵات بۆ هەرێمی کوردستان.