بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٩ی خەرمانان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی بەهمەن کەریمپەنا خەڵکی بانە و ئارمان ڕەسوولی خەڵکی بۆکان بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراون.

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا کاروانێک لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی «سەیرانبەند» و «نەنۆر» جێگیر کراون و بە دانانی بازگە و ڕووخاندنی گەوڕی کاسبکارانی سەرسنوور دەستیان داوەتە ئەشکەنجەکردن و لێدانی کۆڵبەران.
دەوترێت لەبەر جێگیربوونی ئەم هێزە چەکدارانە کە بە چەکی سووک و قورس تەیار کراون، کەشێکی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە.