بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٢٣ی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی ژیان عەلیپوور بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «ئالان»ی سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گیانی لەدەست داوە.

ئەم کۆڵبەرە بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت و لە مەودایەکی نزیکەوە کەوتۆتە بەر تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان و دەستبەجێ کوژراوە. تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕەوانەی پزیشکیی دادی سەردەشت کراوە و تا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ژیان عەلیپوور ٢٢ ساڵان، خەڵکی گوندی «بێژوێ»ی سەردەشت و باوکی دوو منداڵ بوو. برایەکی تری ئەم کۆڵبەرە بە ناوی هووشمەند عەلیپوور پێشتر بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پارتی ئازادیی کوردستاندا» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو، بەڵام ئەم حوکمە ساڵی ١٣٩٩ لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ٨ کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست داوە. 

٥ کەس لەمانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ٢ کەسی تریان بە درۆنەکانی ئەرتەشی تورکیا کوژراون و کۆڵبەرێکیش لە کاتی ڕاوەدوونان و هەڵهاتندا لەدەست هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، تووشی وەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە. هەروەها لانیکەم ٥ کۆڵبەریش لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆڵبەرێکی تریش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بریندار بوون.