تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی گەڵاڕێزان، دەستەیەک کۆڵبەر لە بەرزاییە سنوورییەکانی «دوپزە»ی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانەوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی کەریم خەندەدار بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «میرشێخ حەیدەر»ی سەردەشت لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەی لێ کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانەوە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ژیان عەلیپوور کوژراوە و ٣ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هەروەها دوو کۆڵبەر دوای ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و کۆڵبەرێکی تریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار بوون.