تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ڕۆژی شەممە ١٠ی گوڵان (٣٠ی ئاوریل) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی سەفەر سوبحانی گیانی لەدەست داوە.

سەفەر سوبحانی باوکی دوو منداڵی کەمتەمەن و خەڵکی گوندی «دۆریسان»ی شاری پاوە بوو.

 دەوترێت لەم دەسڕێژەدا چەند کۆڵبەری تریش بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا تەنها ناونیشانی یەک لەم کۆڵبەرانە بە ناوی موبین حامیدی خەڵکی گوندی «دشە»ی پاوە دەرکەوتووە.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کوشندەترین ناوچە بۆ کۆڵبەران بووە. تەنها لە سێ حەفتەی ڕابردوودا و بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران ٢ کۆڵبەر کوژراوە و لانیکەم ٣١ کۆڵبەر بریندار بووە.