تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوەن) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «میلە»ی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی عومەر عەبدی ٣٢ ساڵان و عوسمان ئەحمەدی ٢٩ ساڵان بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرەی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی شاری پاوە کراون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەی و ژوەن) کۆڵبەرێک بە ناوی ئاکۆ ڕەسوولی بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا کوژراوە. هەروەها لانیکەم ١١ کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون و ٢ کۆڵبەری تریش لە لایەن ئەم هێزانەوە ئەشکەنجە کراون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بووە.