تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان، کۆڵبەرێک بە ناوی کەمال ئیبراهیمزادە برینداربووە.

ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «دێوالان»ی سەردەشت بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەی و ژوەن) کۆڵبەرێک بە ناوی ئاکۆ ڕەسوولی بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا کوژراوە. هەروەها لانیکەم ١١ کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون و ٢ کۆڵبەری تریش لە لایەن ئەم هێزانەوە ئەشکەنجە کراون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بووە.