بەپێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی خه‌رمانان (١٣ی سێپتامبر)، لاوێکی کولبەر ی ئەندامی تیمی هه‌ڵبژارده‌ی ئاستی ئومید کاراتەی ئێران بە ناوی ھیوا عەزیز نه‌جات لە کاتی کولبه‌ریدا لە ناوچەی سنووری “هەنگەژەاڵ” ی بانه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای كوردستان، كه‌وته‌ به‌رته‌قه‌ی هێزه‌ سنوور پارێزه‌كان و بریندار کرا..

ئه‌م کۆلبه‌ره‌‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵه‌ دوای برینداربوونی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبی له‌ شاری بانه‌ گوازرایه‌وه‌.

ھیوا عەزیزنه‌جات  له‌ مانگی گه‌ڵاڕێزانی ١٤٠٠دا توانی یەکەم نازناو و میدالیای زێڕ لە پێشبڕکێ تیمی هه‌ڵبژارده‌ی کۆمیتەی کێش کەم 55 کیلۆگرام  ئاستی ته‌مه‌نی ئومید بەدەست بهێنێت و توانی بۆ پەیوەندیکردن بە کەمپی هەڵبژاردەی ئێرانەوە مۆڵەت وەربگرێت..

بەپێی ئەو ئامارانه‌ی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردۆتەوە، لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا لە ئەنجامی تەقەکردن لە هێزەکانی پاسه‌وانی سنوور، لانیکەم ٨ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە کوژراون و ٢٣ کۆلبەری دیکەش بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆلبەری دیکە لە کاتی کۆلبه‌ریدا لە ناوچە سنوورییه‌كاندا لە ئەنجامی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوون.

فەرماندەی هێزه‌ سنوور پارێزه‌كانی ئێران. لە مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لە سەردانێکیدا بۆ خاڵە سنوورییەکانی بانە ڕایگه‌یاندبوو:

 “لە 2 مانگی داهاتوودا سنووره‌كانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی دادەخرێن و فەرمانمان داوە کە کەس بەبێ گرنگیدان بە فەرمانی پاسەوانانی سنوور، سنوور نەبڕێت، ئەگەر سەرپێچی یاسا بکەن، به‌ توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت».