شەوی ڕابردوو ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی یاوەر وەیسی لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دەسڕێژیان لێ کراوە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی یاوەر وەیسی بە سەختی بریندار بووە و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی نەوسوود، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست داوە.

یاوەر وەیسی، ٢٨ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی گوندی «قوڵقوڵە»ی شاری سەلاسی باوەجانی بوو.

ڕۆژی ڕابردوویش منداڵەکۆڵبەرێکی ١٧ ساڵانی خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی شاری سەردەشت بە ناوی فارووق عەلیزادە لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژرا.