حەبیب ڕەزایی، کۆڵبەری ٥٢ ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی نەوسوود بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بە سەختی بریندار ببوو، بە هۆی پێکران و بەرکەوتنی بڕبڕەی پشتیەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان خەوێنراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم کۆڵبەرە ٥٢ ساڵەیەی خەڵکی جوانڕۆ بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دەسڕێژی لێ کراوە و بڕبڕەی پشتی بەر کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە دوای برینداربوون بۆ درمانکردن ڕەوانەی بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و دەوترێت لە دۆخێکی خراپ و ناجێگیردایە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا ٣ کۆڵبەر، لەوانە منداڵێکی کۆڵبەر، بە ناوەکانی ئەسعەد حەسەنپوور، فارووق عەلیزادە و یاوەر وەیسی، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان و شارۆچکەی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراون و لانیکەم ١٥ کۆڵبەریش بریندار بوون.