بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی سەرماوەز (٤ی دیسامبەر) ئەهوەن دەشتی، کۆڵبەری ٢٨ ساڵانی خەڵکی بانە، لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەهوەن دەشتی کوژرا.

ئەم کۆڵبەرە ٢٨ ساڵەیە خەڵکی گوندی «مێرەدێ»ی شاری بانە بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا ٣ کۆڵبەری دیکە، لەوانە منداڵێکی کۆڵبەر، بە ناوەکانی ئەسعەد حەسەنپوور، فارووق عەلیزادە و یاوەر وەیسی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراون و لانیکەم ٢٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.