ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانڤییە) کۆڵبەرێکی ٣٣ ساڵانی خەڵکی سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرگووشی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانڤییە) ئەم کۆڵبەرە لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و دوو گوللە بەر سینەی کەوتووە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

شۆڕش خەرگووشی، ٣٣ ساڵان، باوکی منداڵێکی ٦ ساڵان و خەڵکی گوندی «زاویەجیک»ی سەڵماس بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٩ کۆڵبەری کورد کە دوانیان منداڵ بوون، لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لە دەست داوە. لەم ژمارەیە، ١٩ کۆڵبەر بە تەقە و دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەک کەسیش بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکاندا کوژراون. هەروەها ٣ کەس بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە، ٢ کەس بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا، ٢ کەس بە هۆی خنکانەوە لە ڕووبارەکانی سەرسنووردا، یەک کەس بە هۆی وەستانی دڵەوە و یەک کەسیش بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.