بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «زەلێ»ی بانە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی میرزا ئەحمەدی کوژراوە. لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «زەلێ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی میرزا ئەحمەدی گیانی لە دەست داوە.

میرزا ئەحمەدی، ٤٣ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «هەنجنە»ی بانە بوو.

ڕۆژی ڕابردوویش کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرگووشی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژرا.